52 هه‌زار بنكه بۆ 19 ملیۆن ده‌نگده‌ر ته‌رخانكراوه |
2010-02-07
کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق رایگه‌یاند که 19 ملیۆن ده‌نگده‌ر له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 52 هه‌زار بنکه‌یان بۆ ده‌ستنیشانکردوه. به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌کی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان هاتوه: له 12ی ئه‌م مانگه‌دا هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێده‌كات و كۆمیسیۆن ئاماده‌كاریی ته‌واوی بۆ پرۆسه‌كه كردوه، هه‌ر پاڵێوراو و قه‌واره‌یه‌ک پابه‌ندی رێنماییه‌کان نه‌بێت به‌پێی یاسا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. به‌یاننامه‌که ئه‌وه‌شی تێداخراوه‌ته‌ڕو كه به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی نزیكه‌ی 19 ملیۆن ده‌نگده‌ر مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 52 هه‌زار بنكه له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا بۆ پێشوازیكرن له ده‌نگده‌ران ته‌رخانكراوه. هه‌روه‌ها به‌پێی تیروپشكی ئه‌لكترۆنی 350 هه‌زار كارمه‌ند بۆ بنكه‌كان ده‌ستنیشانكراون و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش له رۆژانی 5 و6 و7ی ئازاردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سه‌باره‌ت به ده‌نگدانی تایبه‌تیش به‌یاننامه‌که رونیکردوه‌ته‌وه، زیندانییان و نه‌خۆشه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان كه ژماره‌یان ده‌گاته 600 هه‌زار كه‌س، تۆمارێكی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و رۆژێک پێش ده‌نگدانی گشتی ئه‌نجامده‌درێت. له هه‌مان کاتدا 21هه‌زار و 963 چاودێری قه‌واره سیاسییه‌کان چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌که‌ن، هاوکات 224 رێكخراوی رێکخراوی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی که 52 هه‌زار چاودێریان هه‌یه، چاودێری پرۆسه‌که ده‌که‌ن. 131 چاودێری نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵده‌ستن به چاودێری كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌ره‌رای بونی 300 چاودێری ڕاگه‌یاندكاری ناوخۆ و 38 چاودێری ڕاگه‌یاندكاری نێوده‌وڵه‌تی. ئاماژه به‌وه‌شکراوه، کۆمسیۆن له ماوه‌ی دو رۆژی داهاتودا کۆتایی به چاپکردنی كارتی ده‌نگدانی ناو عێراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌هێنێت.

مه‌یلی بکه بۆ هاوڕێکه‌ت چاپی بکه 
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=6513
|
|
| |