بێ ئۆمید بوونی ژنان لە رۆڵی پەرلەماندا - سەوسەن قادر |
2010-01-04
بێگومان هەڵبژاردن پرۆسەیەكی سەرەكی دیموكراسیە كە تێیدا ماف بە نەتەوەیەك یاخود گەلێك دەدرێت بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانی خۆی، دیارە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەم پرۆسەیە نیشتمانی ئێمەشی گرتۆتەوەو كۆمەڵانی خەڵكیش پێیان ناوەتە نێو ئەم پرۆسەیەو زۆر بە گەرمو گوڕییەوە هەنگاویان بەرەو ڕووی ناوە، ئەویش لە نێو كەشو هەوایەكی ئازادانەی سنوورداردا وە لە هەر هاتنە كایەی پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا ئەزمونێكی باشی لێ وەرگرتووە، تا ئێستاش ئەم پرۆسەیە بەردەوامەو قۆناغ بە قۆناغ دەیبڕێت، وە لە هەر هەڵبژاردنێكی تازەشدا گۆڕانكاریەكی بە دوای خۆیدا هێناوە، بۆیە لە هەر پرۆسەی هەڵبژاردنێكدا هەر تاكێك وەك كەسایەتیەكی شیاو مافی ئەوەی هەیە خۆی بپاڵێوێتو بەشداری ئەو پرۆسەیە بكات، ئەم پرۆسەیەش بۆ سەرۆكایەتی هەرێمیش دەتوانێت خۆی دەستنیشان بكات، بەڵام بە داغەوە لەسەر ئاستی ژنانی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە ڕۆڵی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بە ڕێژەیەكی كەم بەرچاو دەكەون كە دەتوانین وەك پەنجەی دەست بیان ژمێرین، كەوابوو ژنان لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیەدانو لێرەوە دەمەوێ تیشك بخەمە سەر ئەو گرفتەی ژنان كە ئەو فاكتەرانە چین كە دەبنە مایەی بێ ئومێدبونیان لە ڕۆڵی هەڵبژاردنو پەرلەماندا، ئاشكرایە بیرو هزری دەسەڵاتداریەتیو سیستەمەكەی لە نیشتمانی ئێمەدا وە بە سەر كۆمەڵانی خەڵكدا لە تی َروانینی خۆیدا هەمان ئەقڵیەتو هەمان سیستەمی پیاو سالاریە كە پیادەی دەكات بەسەر ڕەگەزی ژناندا بۆیە ژنان ئەگەر هەنگاو بەرەو ئەندامی پەرلەمانو بوون بە پەرلەمانتارو یاخود وەزیر تا دەگاتە پۆستەكانی تر ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ كە ئیتر ژنان بە مافەكانی خۆیان گەشتوون وە چیتر گرفتەكانیان بۆ چارەسەر كراوە بۆیە دەتوانین بڵێین كێشەی ژنان لە بنەڕەتدا یەكەمین كێشەی هەبونی دەسەڵاتێكە كە گرفتێكی گەورەیە كە لێوان لێوان پڕ لە ئەقلیەتی پیاو سالاری – بۆیە هەر زوڵم ستەمێك كە دەكرێ لە ئاستی ژنان دا دەسەڵاتیش لێ ی بەرپرسیارە بۆیە ژنان لەو ڕاستیە باش گەشتوونو دەركیان بەو نەبوونی ئازادیە كردووە كەچی سەرباری ئەوەش كە لە خولی نائاسایی پەرلەماندا بە بەرچاوی چەند ژنە پەرلەمانتارێكەوە یاسای فرە ژنی پەسەند دەكرێ كە بۆ خۆی ئەو یاسایە هێرشێكە بۆ سەر دیموكراسیو ئازادی ژنان، ئەمە یاسای دەسەڵاتێكە كە بۆ خۆی وەها بە ڕوا دەنێت كە دابونەریتو بیروباوەڕو ئایین هێشتا میكانیزمی ئەوە كە پێ ی وایە لە هەموو ڕوویەكەوە پەسەند دەكرێ، بەمەش شێوەیەكی نەگونجاو و نایەكسان وەردەگرێت، بەڵێ یاسایەك ئاوا سەرچاوەی خۆی وەرگرێت دەبێت چی بێت، ئەندامەكانی پەرلەمانی كوردستانیش بەو شێوەیە ئەرێ ی بۆ بكات بێ ئەوەی گوێ بداتە زەمەنی پێشكەوتنو دەرفەتی زیاتر بەو عەقڵیەتەوە هێشتا بیر دەكاتەوە، لە بری ئەوەی نەفرەت لە دابونەریتە كۆنەكان بكاتو هەر هیچ نەیبَ بۆ ئەوەی نەبنە ڕێگر لە بەردەم پێشكەوتنەكانی گەلدا بە تایبەتی چینی ژنان كەچی بەداغەوە لە چەرخێكی پڕ زانستو تەكنەلۆژیادا كەچی بە پێچەوانەوە یاسای فرە ژنی پەسەند دەكەن، جا دەبێت ئەو ژنە پەرلەمانتارانەی كە ئەندامن لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا چ حسابێكیان بۆ كرابێ، یاخود بە پێچەوانەوە تەنیا پەیكەرێكن بێ ڕۆحو تێكەڵ بە پێكهاتەكانی خودی دەسەڵاتن، بۆیە گرنگە ژنان بە ئیرادەیەكی تۆكمەو ئازادەوە بە ئاستێكی هوشیارترەوە لە نێو پێكهاتەكانی دەسەڵاتدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن وە داكۆكی لەمافە بنچینەكانی خۆیان بكەن وە زیاتر درێژە بە تێكۆشانی خۆیان بدەن نەك وەك چینێكی كۆیلە تێكەڵ بە ئەقلیەتی دەسەڵاتو پیاو سالاریەوە هەڵسوكەوتی خۆیان بكەن، بۆیە پێویستە بە ڕۆڵێكی ئازادو بیرو باوەڕی ئازادەوە لەو گۆڕەپانەدا تێكۆشانی خۆیان زیاتر سنوردارتر بكەن، وە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن ژنان دەبێت خاوەندارێتی لە مافەكانی خۆیان بكەنو زیاتر پێ داگربن، وە نەبنە پاشكۆی هیچ حیزبو ڕێكخراوێك وەك شۆڕشێكی یەكگرتووی ژنانە هەڵوێستی خۆیان بەیەك دەنگ نیشان دەن چیتر لەوە زیاتر ڕازی نەبن بەو هەموو پێشێلكاریانەی كە دەرهەق بە سەرجەمی ئەم نیشتمانەوە دەیكەن.

مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت چاپی بکه 
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=6302
|
|
| |