رۆژی لاوان ئەو رۆژەی لە وڵاتی مندا نییە - هاوژین سیاگوێزی |
2009-08-18
رۆژی (8/12) لە سەرتاسەری جیهاندا رۆژی جیهانی لاوان بوو، ئەگەرچی هەندێک چالاکی بچووک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دران، بەڵام چالاکییەکان ئەوەندە نەبوون کە لێرەدا بکەوینە باسکردنیان، چونکە کار و چالاکییەکی ئەوەندە مەزن نەبوون تا بتوانین وەکو گەنج خاوەنداری لێ بکەین، دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیدا لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە بە شوێن خەم و ئازارەکانی گەنجاندا رای نەکردووە تا بتوانێت گەنج لە ئازارەکانی ژیانی تێپەڕ بکات. هەر گەنجێک لەم هەرێمەدا خاوەنی ئەوەندە کێشەیە کە ئەگەر حسابی بکەین هەر چەکدارێکی سوپاکەی پارتی و یەکێتی کێشەیەکی گەنج بێت، ئەوا هیچ چەکدار نامێنێتەوە. واتە کێشەکانی گەنج لەم هەرێمەدا ئەوەندە زۆرن، بەڵام هێشتا مافە سەرەتاییەکانیان بەدی نەهاتوون. لە رۆژی (8/12)دا لە سەدی یەک گەنج نەیدەزانی کە ئەمڕۆ رۆژی جیهانی گەنجە. واتە خاوەن لەو رۆژە دەرنەکەوتن. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی بنگەیی دەگەڕێتەوە کە گەنجان لێرە لەم وڵاتی ئەفسانە و خەیاڵەدا لەم وڵاتی قسەی بێ کردارەدا، رێکخراوگەلێک هەن کە بەناوی گەنج و لاوەوە دروست بوون، بەڵام کەچی رۆحێکی گەنجانە لەم رێکخراوانەدا زۆر بە ئاستەم دەبینرێت. ئەم رێکخراوانە هەمیشە کاریان ئەوە بووە خزمەت بە چەند کەسێک بکەن، چونکە ئێستا وای لێهاتووە کە هەر بەرپرسێک راگەیاندنی خۆی هەیە و دەزگای سەربەخۆیی هەیە. ئیتر ئەم رێکخراوانەش خزمەت بەو دەکەن و بە پێی بەرژەوەندی ئەو کار دەکەن. یەکێکی تر لە هۆکارەکان کە دەتوانین بڵێین هەق بوو لەسەر ئەمە دادگایی بکرایە وەزارەتی وەرزش و لاوانە کە ئەم وەزارەتە هەر خەریکی لوشدانی پارەو سامانی ئەم وڵاتەیە و هیچ چالاکییەکی وەهای نەکردووە کە بەرچاو بێت، بێجگە لەو یاریگایانە کە دروستی کردوون و گەنج بە یاریکردنێکی یەک کاتژمێری بەشێکی زۆر لە رۆژانەی کرێکاریەکەی دەبات یان لە کرێی شاگردیەکەی دەبات یان لەو پارەیە دەبات کە باوکی گەنجە بە منەتەوە دایداتە کوڕەکەی، ئەم وەزارەتە تەنانەت نەیتوانی ئەم رۆژەش لە گەنجانی وڵات بگەیەنێت کە بۆ چییە و چۆنە؟ ئیتر وەزارەت دەبێت رۆڵی هەبوونی چی بێت یان رۆڵی نەبوونی چی بێت؟ تەنها یەک سودی هەیە کە دەتوانرێت پارەی زیاتر لە گیرفانی خەڵکی دەرکات بۆ دەسەڵاتداران و هیچی تر. بەشێکیش لە هۆکاری تاوانباریەکە ئەوەیە کە گەنجان خۆیان بەشوێن مافەکانیاندا ناڕۆن، خاوەن هیچ هێزێک نیین تا بتوانن بەرەو سەندنی مافەکانیان هەوڵ بدەن. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە کە گەنجان بەرەو مافەکانیان هەنگاو بنێن، چونکە گەنج لە ئێستادا بەشوێن نان و ئازادی و ئارامیدا وێڵن، ئەوە گەنجە کە لە گزنگی بەیانەوە لە سەرشەقامەکانن و بە شوێن قوتی ژیاندا وێڵن هەتاوەکو دەمی ماڵ ئاوایی خۆر هەر لەدەرەوەی ماڵ دەمێننەوە ئێستاش ئەوەی بە دەستی خستووە بەشی ژیانی بە هەزار خۆدزینەوەوە دەکات، بۆیە هەمیشە وێڵە بەشوێن ئەو قوتەدا تا هەندێک زیاتر بکات و بتوانێت بۆ دەمێک بە ئارامی ژیان بکات، ئەوە گەنجە ناتوانێت کاری سیاسی بکات و مافی نییە داوای مافەکانی بکات، هەرکاتێک داوای مافی کرد کەواتە خزمەتی حکومەت زیادی کردووە، چونکە ئیتر لەوە دەرکەوتووە کە مافە سەرەتاییەکانی بۆ دابین بکات. دەسەڵاتێک سیاسەتی "سەگ برسی بکە، پاسەوانیت بۆدەکات"(ووتەیەکی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە)پەیڕەو دەکات، ئەم سیاسەتە کە فەلسەفەی ئێستای پارتی و یەکێتیە توانیویەتی بەشێکی مەزن لە گەنج بخاتە خزمەتی خۆیەوە بەوەی کە برسی بکات. دواتر دەیکاتە پۆلیس یان ئەندامی حزب یان کادری رێکخراوێکی سەربەخۆی. ئەوکاتە لەوێوە دەست دەگرێت بەسەر ئازادی و هەست و جوڵە و بیرکردنەوەی گەنجیشدا ئەوە نییە لە هەڵبژاردندا راستی ئەم قسەیان سەلماند ئەوانەی بیریان کردبوویەوە لە چاکی و خراپی ئەوان نانیان بڕین، تاوەکو تۆبە بکات. ئەگەر بێت و بیر لە ئارامی بکاتەوە ئەوا بە تەنها لەژێر سێبەری باڵی ئەواندا دەتوانن ئارامی پەیدا بکەن. گەنجیش ئەگەر نەبێتە کۆیلە و داردەستی ئەوان ئەوکاتە تەنها بە فریای ئەوە دەکەوێت کە بەشوێن پەیداکردنی قوتی ژیان وێڵ بێت بۆیە کاتێکی نابێت تا داواکاری لە وەزارتی وەرزش و لاوان بکات.

مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت چاپی بکه 
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=5463
|
|
| |