گەنجانى تەکیە داواى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى حکومەتى دەکەن |
2009-08-15
گەنجێک: پێویستە پەرلەمان گفتوگۆ بۆ رێگرتنى کۆچى گەنجان و هەڵوەشاندنەوەى ماڵى کوردى بکات ئا: ئاسۆ جەوهەر
" ئەم دەسەڵاتە تائێستا بەبیرکردنەوەو بەرنامەیەکى کۆنەوە هاتوون کە، تواناى گۆڕانیان نییە واتە ئەوەندەى بیر لەبەرژەوندى حزبى و خۆپەرستى خۆیان دەکەنەوە ئەوندەبیر لە لایەنى نەتەوەیى ناکەنەوە، بۆ بەرژەوەندى حزبى یاخود ماددى یا شەخسى، بەرژەوەندى گرنگى نەتەوەى پشت گوآ دەخەن "هەژار" ئەو وتانەى سەرەوى راگەیاند و شاڵاوى هاوڕێى درێژە بگێڕانەوەى ناڕەزایەکانى دەدات:
شاڵاو گەنجێکى باڵاناوەندە، چاوەسەوزە کاڵەکانى بە وێناى پێشنیار و رەخنەکانى لە روخسارەسپیەکەیدا ئەدرەوشایەوە و پەیامى خۆى لەئێستاوە ئاراستەى حکومەتى داهاتوو و پەرلەمان دەکرد، بەڵکو ئەوکێشانەى گەنج و ئاڵۆزى سیاسى وڵاتەکەى بەرەوچارەسەرى بچێت:" ئەوەى کە پێویستە پەرلەمانى داهاتوو دانیشتنى لەسەربکات و حکومەت کارى بۆ بکات، هێنانە پێشەوەى گەنجانە بۆ نێو حکومەت و گوێگرتنە لە راو پێشنیارەکانیان. پێویستە پەڕلەمان گفتوگۆبکات بۆ رێگرتنى کۆچى گەنجان و هەڵوەشاندنەوەى ماڵى کوردیى، بەبڕواى من ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەراوێزخستنى گەنجان هەرلە ئاستى حزبییەوە تا دەگاتە ئاستى حکومەت و پەرلەمان ئەمەش بێتوانایى گەنجان ناگەیەنێت هێندەى رێنەدانى پیرەکان دەگەیەنێت، بۆیە گەنجان کاتێک رێگەیان پێنادرێت نمایشێکى جوانتر بکەن ناچارن شانۆکە جێبهێڵن". شاڵاو عبدولرەحمان تەمەن 24ساڵ شیکردنەوە لەسەر ئەوەش دەکات و پیشبینى ئەوە دەکات کە حکومەتى داهاتووى هەرێمى کوردستان وەها گۆڕانێکى بەسەردانایات کە داخوازیەکانى هاونیشتیمانیەکانى بهێنێتەدى ئەم گەنجە هەرچەندە هێماش بۆ ئەوە دەکات کە"نایەوێت پێش رووداوەکان بکەوێت بەڵام قسە لەوەش دەکات کە تائێستا بە ئەقڵێکى پیرانەوە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبرێت" بۆیە جەختى دەکردەوە و درێژەى پێدا "بەبڕواى من حکومەتى داهاتوو جیاوازییەکى ئەوتۆى نابێت لەگەڵ ئەوەى رابردوودا، چونکە هیچ کاتێک مەکتەب سیاسى حزبە دەسەڵاتدارەکان قبوڵى ئەوە ناکەن، لەدەرەوەى ئەوان کەسانێکی تر هەبن تا ئەم هەرێمە بەڕێوەبەرن، مەکتەب سیاسیەکانیش هێندەى خەڵکى چەپڵە لێدەر و پارە پەرست و وابەستەى خۆیان دەوێت هێندە قبوڵى داخوازى خەڵکى و بەتایبەت گەنجان نین، ئەوەى لە حکومەتى داهاتووى پێشبینى دەکەم بڕواناکەم لەئاستى داخوازییەکانى خەڵکدابن". هەژار گەنجێکى ترە ئەوقسانەى شاڵاوى پشتڕاست کردەوە و ئەمەى بەوە بەراورد دەکرد کە لەچاو هەڵبژارددنەکانى پێشوودا دووپارتە سەرەکییەکە رێژەیەکى کەمتر کورسیان هێناوەو دەى وت"دەرکەوت حکومەت وەک جاران لەئاستى متمانەى خەڵکیدا نیین، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکى بەرچاوى کورسییەکانیان لەدەستداوە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە ئاستى خواستى خەڵکیدا نین. ئەگەر گۆرانکارى لەخۆیان و کاروپڕۆژەیاندا نەکەن ئەوا بێگومان شکستى تر چاوەڕێیان دەکات". هەژار مەجیدى تەمەن 21 ساڵ هێما بۆئەوەش دەکات جگەلەوەى کە دەسەڵات خەونەکانى گەنجێکى وەک ئەو ناهێنێتەدى، ئەوش دەردەخات کەو دەسەڵاتەى دووبارە دەبێتەوە هەر ئەو بیرکردنەوە کۆنەیە کە دیموکراتی و نەتەوەى کردووەتە قوربانى بەرژەووەندى حزبى و شەخسى خۆى " ، ئەم دەسەڵاتە تائێستا بەبیرکردنەوە و بەرنامەیەکى کۆنەوە هاتوون کە، تواناى گۆڕانیان نییە واتە ئەوەندەى بیر لەبەرژەوندى حزبى و خۆپەرستى خۆیان دەکەنەوە ئەوندە بیر لە لایەنى نەتەوەیى ناکەنەوە، بۆ بەرژەوەندى حزبى یاخود ماددى یا شەخسى، بەرژەوەندى گرنگى نەتەوەى پشت گوآ دەخەن، بۆیە ئەو دەسەڵاتەى کە پێک دێت لە ئاستى خەونەکانى گەنجاندا نین ". رێبین تەمەن 19ساڵ گەنجێکى باڵابەرزى گەنم رەنگە زیاتر جەختى لەقسەکانى هەژاردەکردەوە و دەى وت: "ئەگەر سەیرى ئەزمونى رابردووى حکومەتى کوردستان بکەین، دەبینین بەهیچ شێوەیەک نەیانتوانیوە خەونى گەنجان و هیچ چینێک لەم کۆمەڵگایە بەشێوەیەکى تەواوى بهێننەدى! ئەو حکومەتەى پێشو سیستەمى حکومڕانى لە کوردستان بەڕێوەبردووە، زیاتر لەکاتى جەنگەکاندا یاخود هەڵبژاردنەکاندا پێویستى بەگەنجان بووە، بەڵام دواى هەڵبژاردنەکان گەنجیان پەراوێز خستووە. ". ئەم گەنجە ئومێدى بەوە هەیە کە بە رێژەیەک کار بۆگەنجان بکرێت، بۆ بەڵگاندنى قسەکانى ئەوە دێنێتەوە کە چەندین لیست بەشدارى هەڵبژاردنەکانى کردووە و ئەمەش واى کردووە کە بەشێوەیەک کار بۆ گەنجان بکرێت دەى وت "بە بۆچونى خۆم ئێستا ئومێدێک هەیە، کێشەى گەنجان ئەگەر لەسەداسەد نەبێت لەوانەیەلەسەدا پەنجا بەرەو چارەسەربڕوات، بەوپێیەى چەندین لیستى نوآ هاتووەتە گۆڕآ یەکێک لەوانەى رکابەرى سەرەکى دوو پارتەکەبوو لیستى گۆڕانە، ئەگەر بەپێى هەڵمەتى هەڵبژاردنى لیستى گۆڕان بڕۆین بەڕێوە ئەوا بەرنامەى تایبەتى هەبوو بۆ گەنجان". رێبین ئەوەى بەیاد هێنایەوە لیستى گۆڕان لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیان بەدەنگدەرەکانیان داوە حکومەتیان بەدەستبێن تا بەرنامە و پڕۆژەیان بۆ جێبەجێبکەن، بۆیە دەى پرسى ئایا گۆڕان ئێستا خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن رادەگەیەنن دەتوان ئەم رۆڵە بگێڕن؟ بۆیە رێبین جەختى دەکردەوە و دەى وت"گۆڕان ئێستا کە حکومەتى بۆبەدەست نەهات ئەوەیان راگەیاندووە دەبن بەئۆپۆزسیۆن، ئایا وەک ئۆپۆزسیۆن رۆڵ دەگێڕن؟ بۆیە لیستى گۆڕان کە بیستوپێنج کورسى بەدەست هێناوە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنانە بچێتە پەڕلەمان ئەوا دەتوانن چەندین پڕۆژە لەبارەى گەنجانەوە، لەبارەى کۆمەڵایەتى، لەبارەى ژنان و ئەو خانانەى کۆمەڵگاى کوردییەوە کە کەموکوڕى تیادایە بەپڕۆژە بیدەن بەپەڕلەمان و چارەسەرى بکەن. گرنگە ئۆپۆزسیۆنێک لەیەکەمین هەڵمەتى هەڵبژاردندا بیست و پێنج کورسى بەدەست بێنێت بەڵام ئایا ئەم ئۆپۆزسیۆنە دەتوانێت ئەو بانگەشانەى کردوونى بیهێنێتەدى؟ ئەمەش ئەوپرسیارەیە کەدەبێت ئەم لایەنە لەدانیشتنەکانى پەرلەمانى ئایندەدا وەڵامى داتەوە". بێستون گەنجانێکى ترى تەکیە ئەم وەک یەکێکى تر لەگەنجە ناڕازییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێویستە گەنجان چاودێرى کارو بەڵێنەکانى حکومەت بکات. شارۆچکەى تەکیە دەکەوێتە باکوورى خۆرهەڵاتى شارى کەرکوک، رێک هەڵکەوتوو لەقوڕگەى دەربەندبازیان، نزیکەى سى هەزار هاوڵاتى لەم شارۆچکەیەدا دەژى. بێستون عەبدوڵا تەمەن 25ساڵ رۆژانە لەنێو دوکانى سەرتاشخانەکەیدا لەگەڵ قژبڕینى مشتەریەکانیدا دەمى رەخنەى دەکاتەوە و هەمیشە گەنجێکى ناڕازییە لەو دەسەڵاتەى کە هەرێمى باشورى کوردستان بەڕێوە دەبات دەڵێت" ئەوەى گرنگە ئێمەى گەنجان چاودێرى ئەوبەڵێنانەى حکومەت بکەین کە داوێتى بەگەنجان وهاوڵاتیان، واتا دەبێت ئێمە و چاودێرى چالاکى و کارەکانى حکومەت بکەین و لێپرسینەوە لە دەنگەکانمان بکەین کە لەهەڵبژاردندا دامان بزانین ئاخۆ چى لێ بەسەر دێت و تاچەند جێ دەگرێت و، ئایندەمان گەش دەکات. ئێستا کاتێکى باش و گونجاوە بۆ گەنجان کە داواى مافەکانیان بکەن، چونکە ئەم جارە لەپرۆسەى دەنگداندا پشکى شێریان بەرکەوت لەبەشدارى کردندا. بۆیە پێویستە گەنجان رەخنە و سەرنجەکانیان ئاراستەى حکومەت و دەستگاکان بکەن تا تەواوى مافەکانیان بەدەست بێنن".

مهیلی بکه بۆ هاوڕێکهت چاپی بکه 
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=5448
|
|
| |